Erbil 31°C سێشەممە 04 ئاب 11:07

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: وێنەی دۆناڵد تڕەمپ دەخرێتە سەر پاسپۆرتی نوێی ئەمریکا

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەبۆنەی 250ـەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان، پاسپۆرتێکی نوێ دەردەکەن کە وێنەی دۆناڵد تڕەمپی لەسەر دەبێت.

تۆمی بیگۆت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیای ئێکسدا بڵاویکردەوە: هاوکات لەگەڵ ئاهەنگەکانی مانگی تەممووز بۆ یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی وڵات، وەزارەت ئامادەکاری دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی سنووردار لە پاسپۆرتی ئەمریکی کە بە تایبەت بۆ یادکردنەوەی ئەم بۆنە مێژووییە دیزاین کراون.

بەپێی ئەو نموونەیەی بڵاوکراوەتەوە، لە لاپەڕە ناوخۆییەکانی پاسپۆرتە نوێیەکەدا وێنەی دۆناڵد تڕەمپ و واژۆکەی بە ڕەنگی زێڕین دەردەکەوێت، لە تەنیشت وێنەی باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکا لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە 4ـی تەممووزی 1776.

ئەمە یەکەمین جارە لە مێژوودا وێنەی سەرۆکێکی ئەمریکا لە کاتی دەسەڵاتەکەیدا بخرێتە سەر پاسپۆرتی فەرمی وڵات. هەروەها بڕیارە بە هەمان بۆنەوە، مەدالیایەکی زێڕی یادگاری کە وێنەی تڕەمپی لەسەرە، لێبدرێت.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم پاسپۆرتانە تەنیا لە واشنتن دەردەکرێن و بڕەکەیان زۆر سنووردار دەبێت.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات، ناوی تڕەمپ نراوە بە چەندین دامەزراوەی گرنگ لە پایتەخت، لەوانە هۆڵی کینیدی سەنتەر و پەیمانگای ئاشتی. هەروەها بڕیارە وەک بەشێک لە ئاهەنگەکان، لە نێوان 21 بۆ 23ـی ئابی داهاتوو، پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلی ئیندی کار لە واشنتن ڕێکبخرێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.