Erbil 31°C سێشەممە 04 ئاب 10:16

مارکۆ ڕوبیۆ: لە ئێران هەموویان توندڕەون

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئێران هەموویان توندڕەون، بەڵام هەندێکیان هەن دەزانن کە وڵاتەکەیان پێویستە ئابووری هەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەوان هیچ بەڵگەیەکیان نییە کە نیشانی بدات موجتەبا خامنەیی لە ژیاندا نەمابێت.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز) باسی ئەو ئاستەنگانەی کردووە کە لە بەردەم ئەمریکادان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و گوتی: "لە ئێران هەموویان توندڕەون. بەڵام هەندێک توندڕەو هەن کە دەزانن دەبێت وڵاتێک و ئابوورییەک بەڕێوە ببەن، هەندێک توندڕەویش هەن کە پاڵنەرەکەیان بە تەواوی ئایینییە".

مارکۆ ڕوبیۆ زیاتر گوتی: "بەداخەوە، توندڕەوەکان بە تێڕوانینێکی ئاخیرزەمانی بۆ داهاتوو، دەسەڵاتی کۆتاییان لەو وڵاتەدا بەدەستەوەیە".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئەو توندڕەوانەی کە پاڵنەری ئایینییان هەیە، تەنیا بەرپرسانی سوپای پاسداران نین، بەڵکو ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ئەو ئەنجومەنەی کە دەوریشیان داوە، دەگرێتەوە".

ناوبراو روونی کردەوە کە کەسانێکی وەک سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش توندڕەون، بەڵام دەزانن کە وڵات دەبێت ئابووریی هەبێت، خەڵک پێویستە نان بخۆن.

لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا پرسیاری چارەنووسی موجتەبا خامنەیی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرا، مارکۆ ڕوبیۆ گوتی: "باشە، ئێمە ئاماژەگەلێکمان هەیە کە ئەو لە ژیاندا ماوە، بێگومان ئەوانیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو ماوە، ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان نییە کە نیشانی بدات ئەو لە ژیاندا نەماوە".
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.