Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 13:06

بەحرەین: داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی بەحرەین ڕایگەیاند، هیچ دەوڵەتێک مافی ئەوەی نییە گەروویەکی دەریایی بە ڕووی کەشتیوانیی ئازاددا دابخات و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئاسایشی دەریایی بەرپرسیارێتییەکی بەپەلەیە و نابێت پشتگوێ بخرێت.

عەبدولەتیف بن راشید زیانی وەزیری دەرەوەی بەحرەین ئاماژەی بەوە کرد کە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز، بە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم هەنگاوە ئاگادار بێت.

وەزیری دەرەوەی بەحرەین هۆشداریشی دا کە ئەم جۆرە ڕەفتارانەی ئێران ئابووریی جیهانی دەخەنە مەترسییەوە و کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەیان لەسەر بازاڕەکانی وزە دەبێت.

عەبدولەتیف بن راشید زیانی داواشی لە وڵاتانی جیهان کرد کە درک بەو مەترسییە ڕاستەقینانە بکەن کە لە ئەنجامی داخستنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە دروست دەبن، چونکە پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی وەک بەشێکی سەرەکی لە سەقامگیریی نێودەوڵەتی دەبینرێت.

گەرووی هورمز یەکێکە لە ستراتیژیترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و غاز، و هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەم گەروویە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئاستی جیهاندا. لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی بەحرەین لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و گرژییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەسەر پرسی ئاسایشی دەریایی ڕووی لە زیادبوون کردووە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.