سەرۆکی لوبنان بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی حیزبوڵای دایەوە و ڕایگەیاند، ئەوەی وڵاتی پەلکێشی ئەم جەنگە کردووە ئەو لایەنەیە کە خیانەت دەکات، باس لەوەش دەکاتە کە ئامانجی گەیشتنە بە کۆتاییهێنان بە دۆخی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل.
ڕۆژی دووشەممە 27ـی نیسان، جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان ڕایگەیاند، ئامانج لە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، کۆتاییهێنانە بە جەنگ، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی وڵاتی پەلکێشی ئەم جەنگە کردووە ئەو لایەنەیە کە خیانەت دەکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ حیزبوڵڵا کە دانوستانی ڕاستەوخۆی لوبنانی لەگەڵ ئیسرائیل بە "گوناهـ" وەسف کردبوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە میانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی ناوچەی (حاسبیا) لە باشووری لوبنان، جۆزیف عەون گوتوویەتی: "ئامانجم گەیشتنە بە کۆتاییهێنان بە دۆخی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل، هاوشێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست". کە لە ساڵی 1949دا هەردوو وڵات واژۆیان کرد، هەروەها پرسیاری ئەوەی لە ئامادەبووان کردووە: "ئایا ڕێککەوتنی ئاگربەست سەرشۆڕی بوو؟ دڵنیاتان دەکەمەوە کە من قبووڵی ناکەم بگەینە ڕێککەوتنێکی سەرشۆڕانە".
لە وەڵامی تۆمەتەکانی حیزبوڵادا بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت، سەرۆکی لوبنان دەڵێت: "ئەو لایەنەی لە لوبنان پەلکێشی ناو جەنگی کردین، لێپرسینەوەمان لەگەڵدا دەکات لەسەر ئەوەی کە بڕیارمان داوە بچینە دانوستانەوە بە بیانووی نەبوونی کۆدەنگیی نیشتمانی. پرسیاری منیش بۆ ئەوان ئەوەیە: ئایا کاتێک ئێوە چوونە ناو جەنگەوە، لە پێشدا کۆدەنگیی نیشتمانیتان بەدەستهێنابوو؟".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.