فیستیڤاڵی گیابەهارییەکانی خورماڵ لە ماوەی 3 ڕۆژدا سەرکەوتنێکی بێوێنەی تۆمار کرد و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەشەیەکی بەرچاوی لە ڕووی داهات و هاتنی گەشتیارانەوە بەخۆوە بینی. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، قەبارەی فرۆش لەو 3 ڕۆژەی فیستیڤاڵەکەدا 250 ملیۆن دیناری تێپەڕاندووە، ئەمەش نیشانەی بایەخی زۆری هاووڵاتیان و گەشتیارانە بۆ بەرهەمە سروشتی و خۆماڵییەکانی ناوچەکە.
ئەمساڵ فیستیڤاڵەکە لە ڕووی ئاماری گەشتیاران و داهاتەوە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ساڵی ڕابردوو هەبوو؛ لە کاتێکدا ساڵی پار قەبارەی فرۆش تەنها 100 ملیۆن دینار بوو، ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ زیاتر لە 250 ملیۆن دینار بەرزبووەتەوە. هاوکات، ژمارەی سەردانیکەرانیش گەشەیەکی گەورەی بەخۆوە بینی، بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو 15,000 گەشتیار سەردانی فیستیڤاڵەکەیان کردبوو، بەڵام ئەمساڵ ژمارەکە گەیشتە 40,000 گەشتیار کە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕوویان لە خورماڵ کردبوو.
فیستیڤاڵی ساڵانەی گیابەهارییەکانی خورماڵ یەکێکە لە چالاکییە گرنگەکان بۆ ناساندنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و ژینگەی دەوڵەمەندی ناوچەکە. ئەم سەرکەوتنە نەک تەنها داهاتێکی باش بۆ کاسبکاران و دانیشتووانی ناوچەکە دابین دەکات، بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و ناساندنی زیاتری دەڤەری هەورامان، کە ساڵانە لە وەرزی بەهاردا بەهۆی دیمەنە سروشتییەکان و گیا بەهارییە تەندروستەکانەوە، دەبێتە جێسەرنجی هەزاران گەشتیار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.