Erbil 31°C ھەینی 02 تشرینی یەکەم 10:45

فەڕەنسا: نزیکەی 2000 قوتابی بە تۆمەتی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکران

100%

دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی قوتابییان و گۆڕانی بۆ توندوتیژی، نزیکەی 2000 قوتابی دەستگیرکراون و ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس و قوتابیش بریندار بوون.

وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاند، 1949 کەس دەستگیرکراون و 305 ئەندامی پۆلیس و هێزەکانی پاسەوانیی نیشتمانی بریندار بوون. هاوکات 170 قوتابی و 65 کارمەندی کەرتی پەروەردەش لەو تێکهەڵچوونانەدا بریندار بوون. ئێدوارد جێفری وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە ئەمڕۆ هەینی زیاتر لە 400 دامەزراوەی پەروەردەیی دادەخرێن و خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.

سەباتیان لێکورنۆ سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی قەیرانی کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەردەوامن و گەیشتووەتە زانکۆکانیش. بەپێی ڕاپۆرتی یەکێتیی قوتابییان، گۆرەپانی نزیکەی 30 زانکۆ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراوە.

لە کاتێکدا بەشێکی زۆری قوتابییان بە ئاشتییانە دژی خراپیی دۆخی بینای قوتابخانەکان، قەرەباڵغیی پۆلەکان و کەمیی مامۆستایان خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام لە هەندێک ناوچەدا ڕووداوی توندوتیژی، وێرانکاری، ئاگرتێبەردان و هێرشکردنە سەر پاس و وێستگەکان تۆمار کراوە، پۆلیسیش ناچار بووە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژ بەکاربهێنێت.

سێباستیان لێکورنۆ لە کۆبوونەوەی قەیراندا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.