کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەم هەفتەیە 6000 سەربازی ئەمریکی لەسەر
پشتی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئیس جۆرج دەبلیو بووش" بگەنە ناوچەکە، ئەم
هەنگاوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگی ئەمریکا و
ئیسرائیل لە دژی ئێران لێکدەدرێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی کەناڵەکە، ئەو
کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەی بەمنزیکانە دەگاتە ناوچەکە، زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگیی
جۆراوجۆری هەڵگرتووە.
هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە ئەمریکا پردێکی ئاسمانیی چالاکی بۆ گواستنەوەی
هاوکارییە سەربازییەکان دروستکردووە، بە مەبەستی پڕکردنەوەی کۆگەکانی هێزی
ئاسمانیی ئیسرائیل لە بۆمب و مووشەک بۆ ئەوەی لە کاتی هەڵگیرسانی هەر جەنگێکی
چاوەڕوانکراودا لە ئامادەباشی تەواودا بن. هەر لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژی
چوارشەممە دەیان فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکی کە بڕێکی زۆر تەقەمەنی و
کەرەستەی سەربازییان هەڵگرتبوو، لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن نیشتوونەتەوە،
ئەمەش قەبارەی هەماهەنگییە ستراتیژییەکانی نێوان واشنتن و تەلئەبیب نیشان
دەدات.
ئەم جووڵە سەربازییانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە و هەڕەشە
بەرامبەرەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار.
جێگیرکردنی ئەم هێزە زەبەلاحە و ناردنی فڕۆکەی بارهەڵگری پڕ لە تەقەمەنی،
وەک پەیامێکی ڕوونی پشتگیریی واشنتن بۆ ئیسرائیل و ئامادەکارییەک بۆ هەر
ئەگەرێکی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی فراوان لە ناوچەکەدا تەماشا دەکرێت، کە
ئامانج لێی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی تارانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.