دادگایەکی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی لە ئەمریکا بڕیاریدا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناتوانێت ڕێگری لە کۆچبەران بکات بۆ داواکردنی مافی پەنابەری لەسەر سنوورەکان. دادگاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆک ترەمپ لە دەرکردنی ئەو بڕیارەدا، دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی تێپەڕاندووە و کارێکی نایاسایی بەرامبەر بەو کۆچبەرانە ئەنجامداوە کە لە سنوورەکانی نێوان ئەمریکا و مەکسیکەوە دەپەڕنەوە.
دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی کۆڵۆمبیا پشتگیری لە بڕیارێکی پێشووی دادگایەکی پلە نزمتر کرد و ڕایگەیاند، کۆنگرێس ئەو دەسەڵاتە فراوانەی بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن نەداوە کە بتوانێت مافی پەنابەری لە کۆچبەران زەوت بکات. بەپێی بڕیاری دادوەرەکان، یاسای کۆچبەری و ڕەگەزنامەی ئەمریکا مافی داوە بە هەر کەسێکی بیانی کە لە ناو خاکی ئەمریکادا بێت، داوای مافی پەنابەری بکات و پێویستە داواکارییەکانیان بە شێوەیەکی تاکەکەسی سەیر بکرێت. دادوەرەکان جەختیان کردەوە کە ئەگەر حکومەت بیەوێت گۆڕانکاری لەم سیستەمەدا بکات، پێویستە لە ڕێگەی کۆنگرێسەوە بێت کە تەنیا لایەنی بەرپرسە لە هەموارکردنەوەی یاساکانی کۆچبەری.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە کانوونی دووەمی 2025، بەڵێنی دابوو ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی لە وڵات دەربکات. هەرچەندە ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی خێرا کردووە، بەڵام دادگاکانی ئەمریکا چەندین جار ڕێگرییان لە هەوڵەکانی کردووە بەهۆی نیگەرانی لە پێشێلکردنی مافە یاساییەکانی کۆچبەران و فەرامۆشکردنی ڕێکارە یاساییەکان لە پرۆسەی ناردنەوەی کۆچبەراندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.