وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئامادەییی سوپای ئەمریکای ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد، کات لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە و دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی باش و ژیرانە.
ئەمڕۆ هەینی 24ـی نیسان، پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی (تووڕەییی داستانی) لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەنجامی سەربازیی یەکلاکەرەوەی بەدەستهێناوە، ئەرکەکەمان لە ئێران بوێر و مەترسیدارە و دیارییەکی مێژووییە بۆ جیهان"، هەروەها گوتی: "سوپای ئەمریکا لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و دەستی لەسەر پەلەپیتکەیە".
وەزیری جەنگی ئەمریکا زیاتر گوتی: "سوپای ئێران کۆنتڕۆڵی بەسەر هیچ شتێکدا نەماوە، ڕژێمەکە وەک چەتەی دەریایی ڕەفتار دەکات و لە سەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆ دەریاییەکانەوە بۆ سەر ئێران، ئاراستەی 34 کەشتیمان گۆڕیوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا "لەگەڵ گەمارۆ دەریاییەکاندا، کات لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە و دەستبەسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی زیاتری ئێراندا دەگرین و گەمارۆکەی سەر ئێران توندتر دەکەین".
ئاشکراشی کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی داوە بە لەناوبردنی بەلەمە جەنگییە خێراکانی ئێران کە هەوڵی چاندنی مین دەدەن لە گەرووی هورمز.
لە کۆتایی قسەکانیدا پیت هێگسێس جەختی لەوە کردەوە "ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی باش و ژیرانە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.