هاووڵاتییەکی دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پاش ئەوەی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ تووشی نەخۆشی ببوو، لە نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری لە شاری دهۆک کۆچی دوایی کرد.
بەپێی زانیارییەکانی پەروەر عەلی، پەیامنێری (کوردستان تیڤی) لە دهۆک، ئەو هاووڵاتییە ناوی "سەیدخان قەتۆ"یە و تەمەنی 50 ساڵ بووە. ناوبراو دوای تێکچوونی باری تەندروستی و دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکەی، بۆ ماوەی 4 ڕۆژ لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا بووە لە نەخۆشخانەی ئازادی، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکان، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (3ی ئابی 2026) گیانی لەدەستدا.
تاوەکو ئێستا لایەنە تەندروستییەکانی پارێزگای دهۆک بە فەرمی جۆری ئەو نەخۆشییەیان ڕانەگەیاندووە کە بووەتە هۆی کۆچی دوایی ئەو هاوڵاتییە، بەڵام ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە دامەزراوە تەندروستییەکان لە هەرێمی کوردستان لە حاڵەتی وریاییدان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە ڤایرۆس یان نەخۆشییەکی گوازراوە.
پێشبینی دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی ئەو هاوڵاتییە و ئەنجامی پشکنینە تاقیگەیییەکان بڵاو بکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.