دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی تونددا هێرشی کردە سەر ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ و یەکێک لە نووسەرانی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەکە بەناوی "ئێلیۆت کاوفمان"، ئەوەش دوای بڵاوکردنەوەی وتارێک کە تێیدا نووسرابوو ئێرانییەکان ترەمپ بە ساویلکە دەزانن.
ترەمپ لە وەڵامەکەیدا ڕایگەیاند کە ئێران لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا سوودی لە هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا بینیوە جگە لە ئەو و گوتی: من وڵاتێکم بۆ جێهێشتوون کە پارچە پارچە بووە؛ تەواوی هێزی دەریایییان لە بن دەریاکەدایە، هێزی ئاسمانییان نەماوە، سیستەمی دژەفڕۆکە و ڕادارەکانیان سڕدراونەتەوە، و تاقیگە و کۆگا ئەتۆمییەکانیان لەلایەن فڕۆکە جەنگییە مەزنەکانی B-2ـەوە خاپوور کراون.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکردەکانی ئێران کوژراون، لە نێویاندا جەنراڵ قاسم سولەیمانی، هەروەها جەختی کردەوە کە گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی ئەمریکادایە و ڕێگە بە هیچ کەشتییەک نادرێت بچێتە بەندەرەکانی ئێران. ترەمپ گوتی: دەوترێت کە ئێران بەهۆی ئەم گەمارۆیەوە ڕۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زیان دەکات و ئابوورییەکەیان لە کارەساتێکی گەورەدایە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ ڕەخنەی لە باراک ئۆباما گرت کە 1.7 ملیار دۆلار پارەی کاشی بە فڕۆکەی "بۆینگ 757" بۆ تاران ناردووە. لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕێگەی ڕاستی ون کردووە و بووەتە کاغەزێکی سیاسیی شکستخواردوو کە چیتر شایەنی خوێندنەوە نییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.