دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ سێشەممە ئێرانی تۆمەتبار كرد بە پێشێلكردنی رێككەوتن و ئاگربەست، ئەمە لە كاتێكدایە كە چەند كاتژمێرێكی كەم لە تەواوبوونی وادەی ئاگربەستەكەی نێوان هەردوو وڵات ماوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیال) رایگەیاندووە: ئێران چەندین جار پێشێلی ئاگربەستی كردووە، بەڵام كات و چۆنیەتی پێشێلكارییەكانی باس نەكردووە.
ئەم پۆستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كاتێكدایە كە سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش ئەمڕۆ سێشەممە هەڕەشەی توندی كردبوو و ڕایگەیاندبوو كە وڵاتەکەی بەهیچ شێوەیەك ئامادە نییە لەژێر هەڕەشە و فشاری سەربازیدا بچێتە نێو پرۆسەی دانوستانەوە.
بڕیارە دانوستانەكەی نێوان شاندی ئەمریكا و شاندی ئێران سبەی چوارشەممە لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان بەڕێوەبچێت، تا ئێستاش هەردوو وڵات نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە کە تاران مەرجەکانی واشنتۆنی بۆ گفتوگۆکردن لەژێر گوشاردا ڕەت دەکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.