سەرچاوە میدیاییەکانی پاکستان بڵاویانکردەوە، پێشبینی دەکرێت سبەی "شەھباز شەریف" سەرۆک وەزیرانی پاکستان، بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕابگەیەنێت. ئەم هەنگاوە وەک دوایین هەوڵی دیپلۆماسی دەبینرێت بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم بڕیارەی سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە کاتێکدایە کە شاندێکی باڵای ئەمریکی بڕیارە بگەەنە ئیسلام ئاباد بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی. درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە دەرفەتێکی نوێ دەدات بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێکی سیاسی، پێش ئەوەی مۆڵەتە دیاریکراوەکان کۆتاییان بێت.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەسەر لێواری تەقینەوەیە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی دابووە تاران کە مۆڵەتی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ تاوەکو ئێوارەی چوارشەممە (بە کاتی واشنتۆن) کۆتایی دێت، بە پێچەوانەوە دامەزراوە حەیاتییەکانی ئەو وڵاتە دەکرێنە ئامانج.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرژییەکان گەیشتنە لوتکە، دوای ئەوەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە دەریای عەرەب دەستیان بەسەر کەشتی بارهەڵگری (M/V Touska)ی ئێرانی دا گرت. تاران ئەم هەنگاوە و گەمارۆدانی بەندەرەکانی بە "پێشێلکارییەکی ڕوونی ئاگربەست" ناوبرد و ڕایگەیاند کە بە بێ لابردنی گەمارۆ دەریاییەکان ناچێتە نێو هیچ گفتوگۆیەکەوە.
پاکستان کە وەک ناوبژیوانێکی سەرەکی لەم قەیرانەدا دەردەکەوێت، هەوڵ دەدات لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بهێڵێتەوە. شارەزایان پێیان وایە درێژکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن شەھباز شەریفەوە، ئاماژەیەکی پۆزەتیڤە و ڕەنگە نیشانەی ئەوە بێت کە هەردوو وڵات (ئەمریکا و ئێران) گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ ئەوەی ڕێگە بە دیپلۆماسی بدەن و ناوچەکە لە مهترسیی جهنگێکی وێرانکهر دوور بخەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.