فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە کارەبایییەکان لە بازاڕە سەرەکییەکانی ئەوروپادا لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2026 بە ڕێژەی سێیەک زیادی کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی شۆفێرەکان بەدوای جێگرەوەیەکدا گەڕان بۆ ئەو بزوێنەرانەی بە سووتەمەنی کار دەکەن، چونکە جەنگی ئێران بووەتە هۆی گەورەترین بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا.
داتاکانی ڕێکخراوی (E-Mobility Europe) و کۆمپانیای لێکۆڵینەوەی (New Automotive) کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرانەوە، دەریدەخەن کە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە کارەبایییە نوێیەکان بە ڕێژەی 29.4% زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 560,000 ئۆتۆمبێل. تەنها لە مانگی ئازاری ڕابردوودا، ڕێژەی تۆمارکردن لە 15 بازاڕی ئەورووپادا 51.3% زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 240,000 ئۆتۆمبێل.
کریس هیرۆن، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی (E-Mobility Europe) ڕایگەیاند: ئەم هەڵکشانە گەورەیەی مانگی ئازار یەکێکە لە گەورەترین دەستکەوتەکانی ئەوروپا لەم دوایییانەدا لە بواری ئاسایشی وزەدا، بەتایبەت لە مانگێکدا کە پشت بەستن بە نەوت خاڵێکی لاوازی ڕاستەقینە بووە.
لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تۆمارکردنی نیو ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەم چارەکی یەکەمەدا، بەسە بۆ ئەوەی ساڵانە بەکاربردنی نەوت بە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل کەم بکاتەوە.
هەر پێنج بازاڕە گەورەکەی ئۆتۆمبێل لە ئەوروپا (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و پۆڵەندا) گەشەیەکی سەروو 40%ـیان لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە کارەبایییەکاندا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا تۆمار کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.