ماڵپەڕی (Iran War Cost Tracker)، کە تایبەتە بە بەدواداچوونی تێچووەکانی جەنگی ئێران، ئاشکرای کرد کە تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران تاوەکو ئێستا 55 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
بەپێی داتاکانی ئەم ماڵپەڕە، ئێستا 50 ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکاندا تێپەڕیوە و قەبارەی خەرجییەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە 55.9 ملیار دۆلار.
شێوازی هەژمارکردنی ئەم تێچووە پشتبەستە بە ڕاپۆرتی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بۆ کۆنگرێس، کە تێیدا هاتبوو 6 ڕۆژی یەکەمی جەنگ 11.3 ملیار دۆلاری تێچووە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ڕۆژانە تێچووی جەنگەکە گەیشتووەتە نزیکەی 1 ملیار دۆلار.
ئەم خەرجییە زەبەلاحانە تێچووی کارمەندان، کەشتییە جەنگییە جێگیرکراوەکان لە ناوچەکە و تەواوی پێداویستییە لۆجیستییەکان دەگرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزی دەریایی ئەمریکا لە دووشەممەی ڕابردووەوە گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر تەواوی جووڵە دەریایییەکانی بەندەرەکانی ئێران لە هەردوو لای گەرووی هورمز، کە نزیکەی 20%ی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و گازی سروشتیی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت.
واشنتن جەخت دەکاتەوە کە ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە نییە، ئازادن لە تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا، بەو مەرجەی هیچ جۆرە سەرانە و ڕسووماتێک نەدەن بە تاران. هەرچەندە بەرپرسانی ئێران پلانی لەو شێوەیەیان تاوتوێ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەرگرتنی سەرانەیان ڕانەگەیاندووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.