ئەمیندارییەتی گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، سبەی دووشەممە كۆبوونەوەیەكی تایبەتیان دەبێت بۆ دیاریكردنی تاكە بەربژێرێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.
ئەمینداریەتییەكە ئەمڕۆ یەكشەممە بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی سبەی دووشەممە كە بڕیارە لە نووسینگەی عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ئەنجام بدرێت.
ئەمیندارییەتی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە "کارنامەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە یەک پرس، ئەویش بڕیاردانە لەسەر بەربژێرێك بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق".
ئاماژەی بەوەشداوە "هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە كۆبوونەوەی سبەی دووشەممەدا هەوڵ دەدەن ئەم شایستە دەستوورییە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا كۆتایی پێ بێنن".
بەگوێرەی دوایین لێدوانی هومام حەموودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، چوارچێوەی هەماهەنگی بەتەواوەتی نزیك بووەتەوە لە یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.