ئێران گەماڕۆی دەریایی ئەمریكای لەسەر گەرووی هورمز بە نایاسایی وەسف كرد و جەختیشی كردەوە كە پێشێلی رێككەوتنی ئاگربەستە كە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ دەكرێت.
ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) رایگەیاند: ئەو بەناو گەمارۆ سەپاندنەی ئەمریکا بەسەر بەندەر و کەناراوەکانی ئێران، نەک تەنها پێشێلێكی روونی ئاگربەستە کە بە نێوەندگیری پاکستان کراوە، بەڵکو کردەوەیەکی نایاسایی و تاوانکاریشە.
ئەمە پۆستەی بەقایی لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ یەكشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەهەمانشێوە ئێرانی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتن و ئاگربەست تۆمەتبار کرد بەوەی كە تەقەیان لە کەشتییەکانی گەرووی هورمز كردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند: بە ئەنقەست سەپاندنی سزای بە کۆمەڵ بەسەر گەلی ئێران تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتییە.
سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ شەممە بەتەواوی داخستنی گەرووی هورمزی بەسەر سەرجەم كەشتییە بازرگانییەكان راگەیاند، ئاماژەی بەوە دا كە تا گەماڕۆكانی ئەمریكا لانەدرێت، گەرووەكە ناكەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.