ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری بەرپرسانی هەواڵگری و سوپای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئەو گورزە سەربازییە بەهێزانەی بەر تاران کەوتوون، بەڵام ئێران هێشتا توانیویەتی نزیکەی 40%ـی کۆگای درۆنەکانی بپارێزێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێران هێشتا دەستی بە نزیکەی 70%ـی کۆگای مووشەکی و 60%ـی هاوێژەری مووشەکەکانی پێش دەستپێکردنی جەنگ دەگات.
ڕۆژنامەکە ڕوونی کردووەتەوە، کاتێک ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە لە 8ـی نیسان چووە بواری جێبەجێکردنەوە، تاران تەنها دەستی بە نیوەی هاوێژەرە مووشەکییە بالیستییەکانی دەگەیشت، بەڵام لەو کاتەوە توانیویەتی 100 هاوێژەری دیکە لە ژێر زەوی دەربهێنێت، بەمەش ڕێژەی هاوێژەرە چالاکەکان گەیشتووەتە 60%ـی ئاستی پێش جەنگ.
هەروەها بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئێران خەریکی دەرهێنانەوەی ئەو مووشەکانەیە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ژێر داروپەردووی بنکە و تونێلەکاندا مابوونەوە. پێشبینی دەکرێت دوای کۆتاییهاتنی ئەم پرۆسەیە، تاران خاوەنی کۆگایەکی مووشەکی بێت کە بگاتە 70%ـی ئەو بڕەی پێش جەنگ هەیبووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئێران لە ئێستادا تیشکی خستووەتە سەر بەکارهێنانی پۆلە درۆنی خۆکوژی لە جۆری "شاهید"، کە بە ژمارەیەکی زۆر دەهاوێژرێن بە مەبەستی ماندووکردنی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، چونکە دۆزینەوە و تێکشکاندنیان لە مووشەکە بالیستییەکان قورسترە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.