فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، لە ماوەی 2 ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران، ڕێگرییان لە 9 کەشتیی نەوتهەڵگر کردووە کە هەوڵیان داوە ئەو گەمارۆیە بشکێنن.
سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا پشتڕاستی کردەوە، هێزە دەریاییەکانیان بە وردی چاودێری هاتوچۆی کەشتییەکان دەکەن و لەو ماوە کورتەدا توانیویانە ڕێگری لەو کەشتیانە بکەن کە ویستوویانە بچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەرچن. ئاماژە بەوەش دراوە کە هێزەکانی ئەمریکا پابەندن بە جێبەجێکردنی بڕیاری گەمارۆکە بەسەر هەموو کەشتییەکاندا بێ جیاوازی.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی گەمارۆدانی دەریایی بەندەرەکانی ئێرانی ڕاگەیاند و کەشتیی جەنگیی "USS Tripoli" و چەندین یەکەی دیکەی دەریایی لە ناوچەکەدا جێگیر کرد. ئامانج لەم هەنگاوە، وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران و ڕێگریکردنە لە هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە.
جێی ئاماژەیە، توندکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکان بۆ سەر ئێران، نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکانی لەبارەی ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی وزە و دروستبوونی پێکدادانی سەربازی لە دەریای عەرەب و گەرووی هورمز زیاتر کردووە، چونکە تاران پێشتر چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر نەتوانێت نەوتەکەی هەناردە بکات، ڕێگەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە ناوچەکەدا دەگرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.