محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران جەختی كردەوە كە وڵاتەكەی بەهیچ شێوەیەك ملكەچی هیچ جۆرە هەڕەشەیەكی ئەمریكا نابێت، جەختیشی كردەوە كە ئەگەر دوژمن شەڕیان بوێت ئەوانیش شەڕ دەكەن.
قالیباف كە لە دانوستانەكانی دوێنێدا لە پاكستان سەرۆكی شاندی ئێران بوو، رایگەیاند: دانوستانەكان لەگەڵ شاندی ئەمریكا زۆر چڕ و پڕ و پڕ لە تەحەدا بوون، ئێمە وەك شاندی ئێران دەستپێشخەری باشمان كرد بۆ نیشاندانی نیازپاكی كە یارمەتیدەر بوو لە گەیشتن بە پێشکەوتنی کۆنکرێتی لە دانوستانەکاندا.
قالیباف هەروەها رایگەیاند: دەبێت ئەمریکییەکان بڕیار بدەن کە ئایا ئامادەن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ئێران یاخود نا، چونكە ئەوان لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا دووجار هێرشیان كردە سەر وڵاتەكەمان، بۆیە لەسەر ئەوان پێویستە كار لەسەر بەدەستهێنانی متمانەی ئێران بكەن.
گوتیشی: هەڕەشەكانی ئەمریكا كاریگەری لەسەر گەلی ئێران نابێت، ئەمە تەنیا دروشمێك نییە، بەڵكو راستییەكە سەلمێنراوە، لەسەر ئەمریكاش پێویستە متمانەی گەلی ئێران بەدەست بهێنێت ئەگەر بیەوێت دەرچەیەك بۆ خۆی بدۆزێتەوە.
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش دا: ئێران ملكەچی هیچ جۆرە هەڕەشەیەك نابێت. هۆشداریشی دا "ئەگەر ئەمریكا بیەوێت دووبارە ئیرادەی گەلەكەمان تاقی بكاتەوە، ئەوا ئەمجارە وانەیەكی گەورەتری پێ دەدەین".
محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی شاندی ئێران لە دانوستانەكاندا لە كۆتاییدا جەختی كردەوە "ئەگەر ئەمریكییەكان شەڕیان بوێت ئێمەش شەڕیان لەگەڵ دەكەین، ئەگەریش بە لۆژیكی مامەڵە بكەن، ئێمەش ئەوە دەكەین".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.