Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 10:32

ترەمپ فەرمانی گەمارۆدانی گەرووی هورمزی دەرکرد و هەڕەشەی لەناوبردنی کۆتایی لە ئێران دەکات

دۆناڵد ترەمپ
کوردستان TV
100%

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتۆن و تاران لەسەر پرسی ئەتۆمی شکستیان هێناوە. وەک کاردانەوەیەکی دەستبەجێ، ترەمپ فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کرد گەمارۆیەکی گشتگیر بخەنە سەر گەرووی هورمز.

ترەمپ ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا دەستبەجێ ڕێگری لە هەموو ئەو کەشتیانە دەکات کە دەیانەوێت بچنە ناو گەرووی هورمز یان لێی بێنە دەرەوە. ناوبراو ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە بیانووی هەبوونی مین، هەوڵی سەرانەوەرگرتنی جیهانی دەدات و جەختی کردەوە کە ئەمریکا هەرگیز قبووڵی ناکات.

سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە هێزی دەریایی کردووە، لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا ڕێگری لە هەر کەشتییەک بکەن کە باج و سەرانەی نایاسایی بە ئێران دابێت بۆ تێپەڕبوون. هەروەها ڕایگەیاند کە هێزەکانیان دەست دەکەن بە لەناوبردنی ئەو مینانەی ئێران لە گەرووەکەدا چاندوونی.

ترەمپ هۆشدارییەکی بێپێشینەی دایە تاران و گوتی: هەر ئێرانییەک تەقە لە ئێمە یان کەشتییە ئاشتیخوازەکان بکات، ڕەوانەی دۆزەخ دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە سوپای ئەمریکا لە دۆخی ئامادەباشی تەواودایە و ئامادەیە ئەو کەمەی کە لە ئێران ماوەتەوە، کۆتایی پێ بهێنێت.

بە گوتەی ترەمپ، کۆبوونەوەکە لەسەر زۆربەی خاڵەکان باش بووە، بەڵام لەسەر پرسی ئەتۆمی نەگەیشتوونە ڕێککەوتن. ئەو جەختی کردەوە کە ڕێگە نادەن وزەی ئەتۆمی لە دەستی خەڵکێکی پێشبینینەکراو و سەختدا بێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێران بەهۆی تەماحی ئەتۆمییەوە پێشتر هێزی دەریایی، ئاسمانی و سەرکردایەتییەکەی لەدەستداوە، و ئەم گەمارۆ نوێیەش بە بەشداری چەند وڵاتێکی دیکە دەبێت تاوەکو تاران ناچار بکرێت واز لە هەوڵەکانی بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی بهێنێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.