دوای کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک، بەرپرسانی باڵایی ئێران گەرووی هورمز وەک دەستکەوتێکی ستراتیژیی گەورە و کارتی سەرەکیی فشار نیشان دەدەن.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاند: ئەمڕۆ کلیلی گەرووی هورمز لە ناو دەستە بەهێزەکانی ئێمەدایە.
هاوکات، محەمەد ڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەسەر پاراستنی مافەکانی وڵاتەکەی کردەوە و ڕایگەیاند: لە پێگەی بەهێزمان لە گەرووی هورمزەوە تاوەکو بەدواداچوون بۆ وەرگرتنی قەرەبووی جەنگ، ئێمە بە توندی لەسەر پاراستنی مافەکانی گەلەکەمان وەستاوین.
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد تەقی نەقدەلی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە گەرووی هورمز گرنگترین دەستکەوتی ئێستای تارانە و گوتی: هەر بۆیە نە شاندی دانوستانکار و نە پەرلەمان، لە پرسی سەرپەرشتی و کۆنترۆڵکردنی ئەم گەرووە پاشەکشەیان نەکردووە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، و تاران وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بەکاری دەهێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.