محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، لە میانی دانوستانەکانی ئەم دواییەی شاندی وڵاتەکەی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، لایەنی ئەمریکی نەیتوانیوە متمانەی تاران بەدەستبهێنێت.
قالیباف کە یەکێک بووە لە ئەندامانی شاندی دانوستانکاری ئێران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ئاماژەی بەوە کردووە، کە وڵاتەکەی لە کاتی گفتوگۆکاندا چەندین دەسپێشخەریی داهاتووبینانە و پێشڕەوی خستووەتە ڕوو، بەڵام واشنتۆن هەنگاوی کردەیی بۆ دروستکردنی متمانە نەناوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە بڵاوکراوەکەیدا نووسیویەتی: ئەمریکا لە لۆژیک و بنەماکانی ئێران تێگەیشتووە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەوان بڕیار بدەن کە ئایا دەتوانن متمانەی ئێمە بەدەستبهێنن یان نا.
ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بەردەوامییان هەیە، بەڵام وەک بەرپرسانی ئێران ئاماژەی پێ دەدەن، نەبوونی متمانە هێشتا گەورەترین بەربەستە لەبەردەم پێشچوونی گفتوگۆکاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.