لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی کەرتی خزمەتگوزاری، پڕۆژەی "ڕووناکی" بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەنتەری قەزای ئاکرێ و ناحیەکانی دەوروبەری کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ماوەی 10 ڕۆژە کارەبای بەردەوام بۆ سەنتەری ئاکرێ و هەر سێ ناحیەی (بجیل، گردەسێن، دینارتە) دابین کراوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی 42,000 هاوبەشی کارەبا و 180 مۆڵەتی کەرتی تایبەت لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبن.
ئەندازیار ئارام فەهد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای ئاکرێ ڕایگەیاند: "سەرەڕای هەبوونی هەندێک گرفتی تەکنیکی کەم لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەکە بەهۆی دابینکردنی غازەوە، بەڵام لە ئێستادا دۆخەکە جێگیرە و کارەبای بەردەوام بەبێ کێشە دەگاتە هاووڵاتییان."
ناوبراو ئامۆژگاری هاووڵاتییانی کرد کە بۆ کەمکردنەوەی بڕی تێچووی مانگانەی کارەباکەیان، دەست بە بەکارهێنانی وزەوە بگرن و ئەو ئامێرانەی وزەی زۆر دەبەن (وەک سپلێت، گەرمکەرەوە و جلشۆر) بە یەکەوە دانەگیرسێنن، بەڵکو یەک لە دوای یەک بەکاریان بهێنن.
سەبارەت بە نرخی کارەباکەش، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای ئاکرێ ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی و وەزارەتی کارەبا لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە نرخەکاندا بکرێت و کار ئاسانی بۆ هاووڵاتییان بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.