واشنتۆن دوا دەرفەت دەداتە تاران و جێگری سەرۆکی ئەمەریکاش دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد، هۆشداری دەدات کە پێویستە ئێران پابەندییەکی مسۆگەر بۆ دەستبەرداربوون لە چەکی ئەتۆمی پێشان بدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند: خولی دانوستانەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایی هاتووە. ڤانس ئاشکرای کرد ، وڵاتەکەی "کۆتا و باشترین پێشنیار"ی خۆی پێشکەش بە لایەنی ئێرانی کردووە و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی تارانن.
دوای 21 کاتژمێر لە گفتوگۆی چڕوپڕ، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئێمە لێرە کۆتا پێشنیاری خۆمان پێشکەش کرد؛ ئێستا دەبێت ببینین ئایا ئێرانییەکان قبوڵی دەکەن یان نا." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، خاڵی سەرەکیی بنبەستی گفتوگۆکان پرسی چەکی ئەتۆمییە، چونکە واشنتۆن داوای بەڵێنێکی مسۆگەر و درێژخایەن دەکات کە تاران هەرگیز هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نەدات.
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، جەی دی ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ لەم دانوستانانەدا نەرمییەکی زۆری نیشان داوە و فەرمانی پێ کردوون بە "نیازپاکی"یەوە بەشداری بکەن، بەڵام گوتیشی: "بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی ڕاستەقینەمان بەدی نەکردووە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، جەی دی ڤانس ئیسلام ئابادی بەجێهێشت و بەرەو ئەمەریکا گەڕایەوە و چاوەڕوانی وەڵامی تاران دەکات؛ ئەمە لە کاتێکدایە ئێران ڕایگەیاندووە، لەگەڵ پاکستان و وڵاتانی ناوچەکە لە هەماهەنگی بەردەوامدان و ئامادەکاری بۆ گەڕی دووەمی دانوستانەکان دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.