جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە وڵاتی پاکستان، کە بڕیارە ڕۆژی شەممە دانوستان لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە کەشێکی پڕ لە بێمتمانەیی نێوان هەردوولادا بەڕێوەبچێت، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پەیامنێرانی ئاژانسی (فرانس پرێس) ڕایانگەیاند، ڤانس کە سەرۆکایەتی شاندی ئەمریکا دەکات بۆ دانوستانەکان، لە کاتی گەیشتنی بۆ بنکەی ئاسمانی (نوور خان) لە نزیک ئیسلام ئاباد، لەلایەن عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستانەوە پێشوازی لێکرا. لەم گەشتەدا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و جارید کۆشنەر، زاوای سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هاوەڵی ڤانس دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد باقر قالیباف، گەورە دانوستانکاری ئێران و سەرۆکی ئەنجومەنی شوورا، شەوی هەینی لەسەر سەرۆکایەتی شاندێک کە زیاتر لە 70 ئەندام لەخۆدەگرێت گەیشتە ئیسلام ئاباد، کە بەهۆی ڕێوشوێنی توندی ئەمنییەوە شارەکە گۆڕاوە بۆ "شارێکی بێدەنگ".
پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان، کە هێشتا خشتەی کاتییەکەی ڕانەگەیەندراوە، هەردوولا زنجیرەیەک لێدوانی توندیان وەک هۆشداری ئاراستەی یەکتر کرد. تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە زمان قالیبافەوە بڵاویکردەوە کە لە کاتی گەیشتنی بۆ پایتەختی پاکستان ڕایگەیاندووە: "نیەتی باشمان هەیە، بەڵام متمانەمان نییە"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەزموونی ئێمە لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکان هەمیشە بە شکستی و بەڵێن شکاندنی ئەوان کۆتایی هاتووە."
لەلایەکی تریشەوە، ڤانس پێش فڕینی فڕۆکەکەی لە بنکەی ئاسمانی (ئاندڕۆز) لە نزیک واشنتۆن، هۆشداری دایە ئێران لە هەوڵدان بۆ "یاریپێکردن"ی واشنتۆن و وتی: "ئەگەر هەوڵ بدەن یاریمان پێ بکەن، دەبینن کە شاندی دانوستانکار پێشوازی لەوە ناکات." بەڵام جەختیشی کردەوە کە واشنتۆن هەوڵ دەدات "دانوستانێکی ئەرێنی" ئەنجام بدات، هاوشێوەی ئەوەی کە شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان وەک ناوبژیوانکاری سەرەکی ئاماژەی پێ کردبوو.
شەهباز شەریف ڕۆژی هەینی لە وتارێکدا بۆ گەلەکەی وتی: "لە وەڵامی داواکارییە دڵسۆزانەکەی مندا، بەرپرسانی هەردوو وڵات دێنە ئیسلام ئاباد، تاوەکو دانوستانەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی بەڕێوەبچن." بەڵام هۆشداریشی دا کە قۆناغی داهاتوو دوای ئاگربەستی کاتیی دوو هەفتەیی (کە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە ڕێککەوتنی لەسەر کرا) "قورستر" دەبێت، کە ئەویش قۆناغی بەدیهێنانی ئاگربەستی هەمیشەیی و چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانە لە ڕێگەی دانوستانەوە.
ڕۆژی شەممە، ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان هیوای خواست کە "هەردوولا بە شێوەیەکی بنیاتنەر دانوستان بکەن." ئەمە لە کاتێکدایە لە ناو ئێران، کە دەسەڵاتداران ئینتەرنێتیان بۆ ماوەی زیاتر لە 1000 کاتژمێر پچڕاندووە (کە ژمارەیەکی پێوانەییە)، دانیشتووان لە لێدوانەکانیاندا بۆ فرانس پرێس گومانیان لە ئەنجامی دانوستانەکان دەربڕی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی تێبینی ئەوەی کرد کە ئێران هیچ "کارتێکی فشاری" نییە بۆ دانوستان، تەنها کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز نەبێت کە بۆ دابینکردنی وزەی جیهان زۆر گرنگە. ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە "بەمنزیکانە دەکرێتەوە"، چ تاران هاوکار بێت یان نا. ئەو وتی: "ئێمە کەنداو دەکەینەوە لەگەڵ ئەوان بێت یان بەبێ ئەوان... پێموایە زۆر بە خێرایی ئەوە ڕوودەدات، ئەگەر واش نەبێت، دەتوانین کۆتایی پێ بهێنین."
ململانێی لوبنان و ئیسرائیل
قالیباف، دانوستانکاری ئێرانی جەختی کردەوە کە تاران دوو مەرجی پێشوەختەی بۆ دانوستانەکان داناوە: "ئاگربەست لە لوبنان و ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران." لە کاتێکدا ئیسرائیل جەخت لە بەردەوامی جەنگەکەی دەکاتەوە دژ بە حزبوڵڵا. ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە هێرشی زۆر توندی کردە سەر لوبنان کە بووە هۆی کوژرانی 357 کەس لە یەک ڕۆژدا، کە زۆربەیان لە بەیروت بوون.
سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەیەک ڕۆژی سێشەممە لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت بۆ باسی ئاگربەست و کاتی دەستپێکردنی دانوستانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بە چاودێری ئەمریکا، دوای ئەوەی نەتانیاهۆ گڵۆپی سەوزی بۆ "دانوستانی ڕاستەوخۆ" لەگەڵ بەیروت هەڵکرد. بەڵام حزبوڵڵا ئەم دەسپێشخەرییەی ڕەتکردەوە و نەعیم قاسم داوای لە بەرپرسانی لوبنان کرد کە "سازشی بێبەرامبەر" پێشکەشی ئیسرائیل نەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.