سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (کۆرێرێ دێلا سێرا)ـی ئیتاڵی ڕایگەیاند، کەس داوای لە ئێمەی کورد نەکردووە دەستوەردانی سەربازی لە ئێراندا بکەین، نامانەوێت ببینە بەشێک لەم شەڕە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای شەڕەکەوە زیاتر لە 600 جار هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ( کۆرێرێ دێلا سێرا)ی ئیتاڵی، جەختی کردەوە کە "هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ تەنگژەی ئێران لە ئارادا نییە و دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ چەسپاندنی ئەو ئاگربەستە لەرزۆکە بدرێت و ڕێگە نەدرێت دووبارە شەڕ هەڵگیرسێتەوە ئەویش لە ڕێی ئارام گرتنەوە".
سەبارەت بە بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەمە هەڵەیە. پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ئاگربەستەکە؛ چونکە ئیسرائیلییەکان تەنیا هێرش ناکەنە سەر حزبوڵا، بەڵکو زیان بە ژێرخانی ئەو وڵاتەش دەگەیەنن".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکییەکان داوایان لێ کردن دەستوەردان بکەن بۆ هاندانی ڕاپەڕین لە ناوخۆی ئێراندا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "ئەمریکییەکان هەرگیز لەگەڵ ئێمە باسی گۆڕینی ڕژێمی تارانیان نەکردووە، بەڵکو جەختیان لەسەر پێویستی ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی و بەرنامە موشەکییەکانی ئێران کردووەتەوە. کەس داوای لە ئێمەی کورد نەکردووە دەستوەردانی سەربازی لە ئێراندا بکەین، ئێمەش دژی ئەوەین خاکەکەمان وەک بنکەیەک دژی دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت؛ نامانەوێت ببینە بەشێک لەم شەڕە".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە مانەوەی ڕژێمی ئێران، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "هەمیشە گووتومانە ڕژێم تەنیا بە بۆردومانی ئاسمانی ناگۆڕدرێت. سیستەمی ئێران تێکەڵەیەکی بێهاوتای ئایین و ناسیۆنالیزمە، شەڕەکە یەکی خستوون. ئەمڕۆ ڕژێمەکە توانیویەتی ڕزگاری بێت. تەنانەت کوشتنی سەرکردەکانیش کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو، چونکە دەستبەجێ جێگرەوەیان بۆ داندران. ئێرانییەکان وانەیان لە شەڕی حوزەیرانی ڕابردوو وەرگرتبوو و خۆیان بەباشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی نوێ ئامادەکردبوو".
هەروەها ئاماژەوەی بەوەکرد: "لە ناوخۆدا بە لایەنی کەمەوە 25٪ بۆ 30٪ـی دانیشتووان بە توندی پشتگیری ڕژێم دەکەن کە هێشتا دامەزراوەی زۆر بەهێزی هەیە. لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆن لە ڕووی سیاسییەوە ڕێکنەخراون و سەرکردەی ناوخۆییان نییە. ناڕەزایەتییەکانیش زیاتر بەهۆی دۆخی ئابوورییەوەیە. لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ قەرەباڵغییەک لەبەردەم بەنزینخانەکان نییە و بازاڕ و دوکانەکان کراوەن، حکومەتی ئێران هێشتا کۆنترۆڵی دۆخەکەی لەدەستە".
سەبارەت بە قەیرانی هەناردەی وزە لە ئەنجامی تەنگژەی گەرووی هورمز. نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کوردستان ئامادەیە بۆ چالاکترکردنی بۆرییە نەوتییەکانی کە بەرەو تورکیا دەچن. هەروەها گوتی: "ئەمڕۆ عێراق لە ڕێگەی ئێمەوە ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و دەتوانین ئەم بڕە بگەینینە 700 هەزار بەرمیل".
دەربارەی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بەردەوام جەخت لە ڕاگرتنی ئەو هێرشانە دەکەینەوە کە حکوومەتی عێراق هەوڵی پێویست لەو بارەیەوە نادات. لە سەرەتای شەڕەکەوە زیاتر لە 600 جار هێرشمان کراوەتە سەر؛ ئەمە قبوڵکراو نییە. عێراق ناتوانێت سەقامگیر بێت ئەگەر کۆنترۆڵی میلیشیاکان نەکات".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی ڕۆژنامەکەدا دەربارەی کشانەوەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەولێر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "دەمەوێت سوپاسی هێزەکانی ئیتاڵیا بکەم کە لە ساڵی 2003ـوە یارمەتیدەر بوون لە سەقامگیری ناوچەکەمان و دواتریش پاراستنی بەنداوی موسڵ لە هێرشەکانی داعش. پێم وایە ئەرکەکەیان کۆتایی نەهاتووە. تێدەگەم بۆچی کشانەوە، بەڵام هیوادارم بەم زووانە بگەڕێنەوە بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگەکانمان".
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا سەبارەت پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و سەردانی داهاتوویان بۆ ڤاتیکان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ڤاتیکان هەیە، بەتایبەت لە ساڵی 2003ـوە کە کوردستان بوو بە پەناگەیەکی گرنگ بۆ مەسیحییەکانی عێراق و تەنانەت ئێزدی و سوننە و پێکهاتەکانی تریش. لە شەڕی داعشیشدا لە 2014، میوانداری زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەمان کرد کە زۆربەیان مەسیحی بوون".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "خۆشحاڵیشم کە چاوم بە پاپای نوێ دەکەوێت. سەبارەت بە حکوومەتی ئیتاڵیاش، سەرۆک وەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری سەردانیان کردووین؛ ئێستا کاتی ئەوەیە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان پەرە پێ بدەین، بەتایبەت لە بواری پیشەسازییە بچووک و مامناوەندەکاندا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.