موجتەبا خامەنەیی رابەری نوێی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕێوڕەسمی 40ی رۆژەی كوژرانی باوكیدا (عەلی خامەنەیی رابەری پێشووی ئێران)، پەیامێكی نووسراوی بڵاوكردەوە.
موجتەبا خامەنەیی لە پەیامەكەدا رایگەیاند "ئێران شەڕی ناوێت، بەڵام هەرگیز پاشەكشە لە مافەكانی ناكات". ئاماژەی بەوەش دا "بۆ لەمەودوا بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دەچێتە قۆناخێکی نوێوە".
راشیگەیاند "پێویستە مانەوەی خەڵك لەسەر شەقامەكان بەردەوام بێت وەك ئەوەی لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا هەبووە، چونكە مانەوەی ئەوان لەسەر شەقامەكان كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی دانوستان دەبێت".
رابەری ئێران هەروەها رایگەیاند: سەرەڕای زەرەر و زیانەكانی دوژمن، هێزە چەکدارەکانمان شەڕەکەیان کردە سەرکەوتنێکی گەورە و گەلی ئێران بەسەركەوتوو لە شەڕەكە هاتەدەرەوە، روونیش بووەوە كە ئێران چ هێزێكی گەورەیە لە ناوچەكەدا.
موجتەبا خامەنەیی رابەری نوێی ئێران ئاماژەی بەوەش دا: بۆ لەمەودوا كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزدا دەچێتە قۆناخێکی نوێ.
لەبارەی وڵاتانی كەنداو و ناوچەكە، رابەری ئێران گوتی: برایەتیمان لەگەل هیچ وڵاتێك دروست نابێت، مەگەر ڕووبەڕووی داگیركەران نەبنەوە.
موجتەبا خامەنەیی هەروەها ستایشی رۆلی مقاوەمەی لە ناوچەكە لە ماوەی شەڕدا كرد و جەختی كردەوە كە یەك هەڵوێستی و یەكگرتوویی ئەوانی لەبەرچاوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.