وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەواڵی رفاندنی رۆژنامەنووسە ئەمریكییەكە لە ناوڕاستی شاری بەغدا پشتڕا دەكاتەوە و جەخت دەكاتەوە كە هەوڵەكان بۆ رزگاركردنی بەردەوامن.
لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتووە "ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ڕۆژنامەنووسێکی بیانی ڕووبەڕووی ڕفاندن بووەوە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەكان دەستیان کرد بە ئەرکەکانیان بۆ ڕاوەدوونانی تاوانباران، ئەمەش پشتبەست بە زانیاریی هەواڵگری ورد و هەوڵێکی مەیدانی چڕ و شوێنکەوتنی ڕێڕەوی ڕفێنەران".
لە راگەیەنراوەكە هەروەها هاتووە "هەوڵەكان بۆ ڕاوەدوونان بوونە هۆی گەمارۆدانی ئۆتۆمبێلێکی ڕفێنەران، کە لە کاتی هەوڵدانیاندا بۆ هەڵاتن وەرگەڕا، هێزە ئەمنییەکان توانییان یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن و دەستبەسەر یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەدا بگرن کە لە تاوانەکەدا بەکارهاتبوو".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختیشی كردەوە كە "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ شوێنکەوتنی تەواوی رفێنەرەكان و ڕزگارکردنی ڕفێنراوەکە، هەروەها گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بنەڕەتی بەرامبەر هەموو بەشداربووانی ئەم کارە تاوانکارییە".
لە كۆتاییدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادات بۆ تێکدانی ئاسایش یان بەئامانجگرتنی میوانە بیانییەکان.
هەر لەبارەی رفاندنی ئەم رۆژنامەنووسە، پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە بەغدا پێی راگەیاندبووین: شێلی كلیستۆن كچە رۆژنامەنووسی ئەمریكی ئەم ئێوارەیە لە نزیك هۆتێل فەڵەستین لە ناوەڕاستی بەغدا لەلایەن گرووپێكی چەكدارەوە رفێنراوە.
شیلی كلیستۆن ڕۆژنامەڤانێكی ئەمەریكییە و ئەزموونی زیاتر لە 20 ساڵی هەیە لە ڕووماڵكردنی جەنگ و پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشتر ڕووماڵی جەنگی ئەفغانستانی كردووە، ئێستا پەیامنێری ئاژانسی میدل ئێست ( شەرقولئەوسەت)ـە، پێشتر لە ئاژانسەكانی مۆنیتۆر و بی بی سی ئەمەریكی كاری كردووە و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی لەبواری میدیا و جۆرنالیزم وەرگرتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.