ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا بڕیاریدا یاریی نێوان هەردوو یانەی (هەولێر و زەورا) بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، لەسەر یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری ئەنجام بدرێت، بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر بێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر بڕیاردرابوو یارییەکە بە هاندەرەوە بێت، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی ڕووبەڕووی شارەکە بووەتەوە و چەندین درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا لە بەیانیی ئەمڕۆدا، بڕیاردرا یارییەکە تەنها لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی هاونیشتمانیان بەبێ هاندەر بەڕێوەبچێت.
ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر جەخت دەکاتەوە کە "سەلامەتیی گیانی هاندەران و هاونیشتمانیان لە هەموو دەستکەوتێکی ماددی و وەرزشی بە نرخترە". هەروەها وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە یانەی هەولێر لە ڕووی داراییەوە زیانمەند دەبێت، بەڵام دووپاتی دەکەنەوە کە پاراستنی ژیانی خەڵک لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر داوای لێبووردن لە هاندەرانی دڵسۆزی یانەی هەولێر دەکات و هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان دەخوازێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.