بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هیچ ئاسۆیەکی کاتیی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ و جەنگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دیاری نەکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیسرائیل خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ تاران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا ئامادە کردووە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتەیەکی نوێدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجە سەرەکییەکانیان لەم ململانێیەدا تێکشکاندنی هەڕەشەکانی ئێران و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیەتی. ئەم لێدوانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە کە ئاستی گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، بەتایبەت دوای ئەوەی لە مانگەکانی ڕابردوودا هەردوو وڵات بۆ یەکەمجار ڕاستەوخۆ خاکی یەکتریان بە سەدەها مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج.
ئەم ململانێیە کە پێشتر وەک "جەنگی سێبەر" ناو دەبرا، ئێستا گۆڕاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرا. ئیسرائیل، ئێران بە داڕێژەری سەرەکیی ناسەقامگیریی ناوچەکە و پشتیوانیکاری گروپەکانی وەک حیزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان دەزانێت. لە بەرامبەردا، ئێران ئیسرائیل بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دادەنێت. چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەدەن کە نەبوونی کاتی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە، مەترسییەکانی تەقینەوەی دۆخی ناوچەکە و پێکدادانی گەورەتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات، بەتایبەت کە هەردوو لایەن جەخت لەسەر پاراستنی هاوسەنگیی هێز دەکەنەوە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.