بەهۆی کێشەیەکی کۆنی دوژمندارییەوە لە کەورگۆسک 6 کەس کوژران و 5ـی دیکەش برینداربوون
ئەمشەو لە سنووری ناحیەی کەورگۆسکی سەر بە پارێزگای هەولێر، بەهۆی دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان دوو بنەماڵەدا، 6 کەس گیانیان لەدەستدا و 5 کەسی دیکەش برینداربوون، کە سەرجەم قوربانییەکان خزم و کەسی یەکترن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار تایبەت بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند، ڕووداوەکە لە نێوان دوو لایەنی بنەماڵەی (مەجید بورغی سۆرچی) بووە. بەپێی زانیارییەکان، هەردوولا کە خزم و کەسی یەکترن، ئەمشەو بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەیەکی کۆنی نێوانیان کۆبوونەتەوە، بەڵام دواتر بووەتە دەماقاڵێیان و تەقە لە یەکتر کراوە.
بەهۆی سەختیی برینی بەشێک لە بریندارەکان، ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کراون و هێزە ئەمنییەکانیش گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان. لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەی وردیان لە هۆکار و چۆنیەتی ڕووداوەکە دەستپێکردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.