Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 11:37

سەرۆک بارزانی: هێرشەکان زوڵمێکی گەورەن و بە ئیدانەکردن چارەسەر نابن

کوردستان TV
100%

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئادار سەرۆک بارزانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو گرژی و شەڕانەی لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام بەردەوام رووبەڕووی هێرشی ناهەق دەبێتەوە. سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، هێرشەکان زوڵمێکی گەورەن و داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد کە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە بدۆزنەوە.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵێک خەڵک هەن بە بەردەوامی دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و بە "ناهەقی" پەلاماری هەرێم و پێشمەرگە دەدەن. ئەو ئاشکرای کرد کە لە ماوەی رابردوودا بە درۆن و مووشەک دەیانجار پەلاماری هەرێمی کوردستان دراوە و خەڵکی بێگوناح شەهید و بریندار کراون.

سەرۆک بارزانی وردەکاری ژمارەی هێرشەکانی خستەڕوو و رایگەیاند: لەوەتای ئەو شەڕەش دەست پێكراوە زیاتر لە 450 جار بە موشەك و بە درۆن هێرشیان كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەر لەو ماوەیە پێنج جار هێرشیان كردۆتە سەر بارەگای ئێمە، بەڵام بێدەنگەمان لێ كردووە.

ئەو لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە کە دوێنێش لە شاری دهۆک بە درۆن پەلاماری ماڵی سەرۆکی هەرێمیان داوە و گوتیشی: بابەتەكە ماڵ یان بارەگای كەس نیە، هەموو شوێنێكی كوردستان و هەموو ماڵی كوردستانیان لای ئێمە بەهای هەیە.

سەرۆک بارزانی داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد کە بە جددی بێنە سەر هێڵ و هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە بنوێنن. ئەو رەخنەی لەوە گرت کە ئەم جۆرە هێرشانە "بە ئیدانەكردن و تەلەفۆن و بروسكە و لیژنە چارەسەر نابن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە یان ئەوەتا رایبگەیێنن کە لە توانایاندا نیە ڕێگری لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە بكەن، یانیش دەبێ بە جددی بێنە سەر هێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بكەن و ئیجرائاتی جددی بكەن.

سەرۆک بارزانی پەیامەکەی بە دووپاتکردنەوەی ئیرادەی گەلی کوردستان کۆتایی پێهێنا کە بەردەوام دەبن لە بەرگری لە دۆزی رەوای خۆیان، بەو پێیەی "هیچ هەڕەشە و پەلامار و دوژمنێك نەیتوانیوە و ناتوانێ ئەو ئیرادەیە بشكێنێت."

 

ئەمەش دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:- 

 

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە لەو كێشە و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەكەدا هەیە بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێك خەڵك هەن بە بێ ئەوەی كەس ڕێگرییان لێ بكات، تەركیزی سەرەكییان ئەوەیە چۆن و بە چ ڕێگەیەك دژایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن و هەمیشە بەناهەقی پەلاماری هەرێم و پێشمەرگە دەدەن و دەبنە هەڕەشە لەسەر ژیان و سەقامگیریی خەڵكی كوردستان.

بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو دەیانجار بە زوڵم و بە بێ پاساو بە درۆن و بە موشەك پەلاماری هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی پێشمەرگەیان داوە و خەڵكی بێگوناحیان شەهید و بریندار كردووە. لەوەتای ئەو شەڕەش دەست پێكراوە زیاتر لە 450 جار بە موشەك و بە درۆن هێرشیان كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەر لەو ماوەیە پێنج جار هێرشیان كردۆتە سەر بارەگای ئێمە، بەڵام بێدەنگەمان لێ كردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێت. دوێنێش لە شاری دهۆك بە درۆن پەلاماری ماڵی سەرۆكی هەرێمیان داوە. بابەتەكە ماڵ یان بارەگای كەس نیە، هەموو شوێنێكی كوردستان و هەموو ماڵی كوردستانیان لای ئێمە بەهای هەیە. 

ئەو جۆرە هێرشانە شەڕفرۆشتنێكی ئاشكران و زوڵمێكی گەورە و زێدەڕۆیی و ناهەقیەكی گەورەن بەرانبەر هەرێمی كوردستان و دەبێ چارەسەرێكی جددی و یەكلاكەوەرییان بۆ دابنرێت. لە ڕاستیدا ئەمە بە ئیدانەكردن و تەلەفۆن و بروسكە و لیژنە چارەسەر نابن. دەستەڵاتدارانی عێراقی دەبێ خۆیان یەكلایی بكەنەوە یان ئەوەتا ڕایبگەیێنن كە لە توانایاندا نیە ڕێگری لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە بكەن، یانیش دەبێ بە جددی بێنە سەر هێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بكەن و ئیجرائاتی جددی بكەن كە چیتر ڕێگە نەدرێت پەلامار و هێرشی ناڕەوا بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان.

لێردەدا دووپاتی دەكەینەوە، گەلی كوردستان بە ئیرادەیەكی پۆڵایین بەرگری لە پەیامی ئاشتیانە و دۆزی ڕەوای خۆی دەكات و هیچ هەڕەشە و پەلامار و دوژمنێك نەیتوانیوە و ناتوانێ ئەو ئیرادەیە بشكێنێت.

مسعود بارزانی
29ی ئاداری 2026

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.