Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 08:23

مەتڕانەکانی هەولێر بۆ نێچیرڤان بارزانی: نزای ئارامی بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین

نێچیرڤان بارزانى
کوردستان TV
100%

مەتڕان و سەرکردە ئایینییەکانی کریستیان لە شاری هەولێر، لە پەیامێکی هاوبەشدا ئیدانەی هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن و پشتگیریی خۆیان بۆ بەڕێزیان و ئاسایشی ناوچەکە دووپات دەکەنەوە.

هەر یەک لە مەتڕان بەشار مەتتی وەردە (مەتڕانی کلدانی هەولێر)، مەتڕان نێقۆدیمۆس داود مەتتی شەڕەف (مەتڕانی سریان ئۆرسۆدۆکسی مووسڵ و کەرکووک و هەرێم) و مەتڕان نێسانیێل نزار عەجەم (مەتڕانی سریان کاتۆلیکی هەرێم)، لە پەیامێکی هاوبەشدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر هێرشەکەی سەر ماڵەکەی لە شاری دهۆک دەربڕی.

لە پەیامەکەدا هاتووە، کە ئەوان هاوسۆزی و پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ سەرۆکی هەرێم و خانەوادەکەی دەردەبڕن و سوپاسی خودا دەکەن بۆ سەلامەتییان. هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەردەوام نزا بۆ ئارامیی خاکی کوردستان دەکەن و داوایان کردووە حیکمەت و زمانی گفتوگۆ جێگەی زمانی چەک و وێرانکاری بگرێتەوە تاوەکو ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا پارێزراو بێت.

ئەم هەڵوێستەی سەرکردە ئایینییەکانی کریستیان لە کاتێکدایە، کە بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک، شەپۆلێکی فراوانی ئیدانەکردنی لایەنە ئایینی و سیاسییەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان وەسف دەکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.