سەرکردەیەک لە هاوپەیمانی عەزم هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" وەسف دەکات و داوای ڕێکاری یاسایی توند و سزادانی تاوانباران دەکات.
مەحموود حوسێن قەیسی، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ڕایگەیاند، دەستدرێژی بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک، پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و هەڕەشە لە سەقامگیری وڵات دەکات، هاوکات هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە پەکدەخات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە بە زووترین کات وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە ئاشکرا بکرێن و بەرپرسانی هێرشەکە بەپێی یاسا سزا بدرێن. قەیسی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، تاوەکو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کردەوانە بکرێت و ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی عێراق پارێزراو بێت.
ئەم هەڵوێستەی سەرکردەکەی هاوپەیمانی عەزم لە کاتێکدایە، کە هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، کاردانەوەی توندی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی لێکەوتووەتەوە و وەک هەوڵێک بۆ نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیری لە وڵاتدا دەبینرێت، بەتایبەت لەم بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکە تێیدایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.