Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 11:17

وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی ئیدانە دەکات

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی بەڕێزیانی لە دهۆک ئیدانە کرد و هۆشداریی لە "فتنەگێڕی" ئەمریکا و ئیسرائیل دا.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامەکەیدا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم هێرشە تیرۆریستییە، هیوای سەلامەتی بۆ نێچیرڤان بارزانی خواست. عێراقچی ئاماژەی بە مێژووی "فتنەگێڕی و دووبەرەکی" ئەمریکا و ئیسرائیل کرد لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێکاندا، جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە زۆرجار وەک ئۆپەراسیۆنی "ئاڵای درۆینە" بۆ نانەوەی ئاڵۆزی ئەنجام دەدرێن.

عەباس عێراقچی داوای لە حکوومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن بۆ سزادانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرانبەر ئەوەی بە "دەستدرێژیی دڕندانە" بۆ سەر ئێران و هێرشە نایاسایی و تیرۆریستییەکان بۆ سەر عێراق وەسفی کرد.

ئەم پەیامەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، کە بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک، شەپۆلێکی فراوانی ئیدانەکردنی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و وڵاتانی ناوچەکەش بە بایەخەوە دەڕواننە لێکەوتە ئەمنی و سیاسییەکانی ئەم پەرەسەندنە نوێیانە لە چوارچێوەی ئەو گرژییە سەربازییانەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.