باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان توندوتیژییەکی نابەرپرسانەیە و مەترسیی پەرەسەندنی دۆخە هەستیارەکەی ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە کلیمێنس سێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراقەوە پێگەیشت. لە پەیامەکەدا نێردەی یەکێتیی ئەورووپا و باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی کە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم کارە ڕادەستی دادگا بکرێن، چونکە هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە دەوڵەتییەکان و ئەو بەرپرسانەی نوێنەرایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، کارێکی تاوانکارییە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. هەروەها داوای لە هەموو لایەک کرد پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیام و هەڵوێستی باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپای کرد بۆ پشتگیریکردنی ئارامی و سەقامگیری. ئەم کاردانەوە نێودەوڵەتییانە لە کاتێکدایە کە هێرشە درۆنییەکەی سەر پارێزگای دهۆک، نیگەرانییەکی زۆری لای لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دروست کردووە و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر پڕۆسەی سیاسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبینرێت، بەتایبەت کە لە ساتێکی هەستیاری ململانێ ناوچەییەکاندا ئەنجامدراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.