مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم پەلامارانە هەوڵێکی "نەزۆکن" بۆ ڕاکێشانی هەرێم بۆ ناو ململانێ هەرێمییەکان.
لە ڕاگەیاندراوێکدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، بەئامانجگرتنی نێچیرڤان بارزانی لە ڕاستیدا بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و ئەو هەوڵانەی بەڕێزیانە کە بۆ هێشتنەوەی عێراق و هەرێم لە دەرەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەیاندات. جەختیشی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان لەم ململانێیانەدا بێلایەنە و نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان، بۆیە پێویستە هەموو لایەک ڕێز لەو بێلایەنییە بگرن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و کارى جدى بکەن بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشە بێ پاساوانەی دەکرێنە سەر پێگە فەرمی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتیی سیاسی و ئاسایشی هاووڵاتییانی کوردستان "هێڵی سوورە".
ئەم هێرشە درۆنییە بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، کە ناوچەکە بە ئاڵۆزییەکی سەربازیی گەورەدا تێدەپەڕێت و پاش زنجیرەیەک هێرشی دیکە دێت بۆ سەر دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردن لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و داواکارییەکان بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێم و عێراق چڕتر بوونەتەوە، پارتيش جەخت دەکاتەوە کە ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ پێکەوەژیان زۆر لەوە بەهێزترە بەم جۆرە فشارە شەڕانگێزییانە تێکبدرێت.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.