سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێستای ناوچەکە، مووشەکێک لە خاکی یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل تەقێندراوە، ئەمەش دوای ئەوەی گرووپی حووسییەکان هەڕەشەی چوونە ناو شەڕەکەیان کردبوو.
لە وەرچەرخانێکی نوێی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەرەی یەمەن بە ڕەسمی بەشداریی خۆی لە جەنگەکەدا ڕاگەیاند و بە ئاراستەکردنی مووشەکێک بۆ ناو قوڵایی خاکی ئیسرائیل، هەڕەشەکانی گۆڕی بۆ کردەی سەربازی، ئەمەش دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە "مووشەکێک لە یەمەنەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل ڕەوانە کراوە و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی کەوتوونەتە کار بۆ بەرپەرچدانەوەی". بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی ڕانەگەیەندراوە و باس لەوە دەکرێت مووشەکەکە لە ئاسمان تێکشکێندراوە.
ئەم هێرشە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای هۆشداریی توندی "یەحیا سەریع" گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان هات، کە ڕایگەیاند: "دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە بۆ دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ".
حووسییەکان کە بەشێکی سەرەکین لەو هاوپەیمانییەی بە "میحوەری بەرگری" ناسراوە، پێشتریش لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2025 و لە کاتی جەنگی غەززەدا، چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردە سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور، کە بەهۆیەوە هاتوچۆی دەریاوانی لەو ناوچە ستراتیژییەدا بە تەواوی پەککەوت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.