سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا باسی رێککەوتن دەکات، بەڵام ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەكات كە بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان لە ناو خاکی ئێران و لوبنان.
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناو خاکی ئێران و لوبنان بەردەوامییان هەیە و ئەمەش بەپێی "پلانێکی جێگیر" ئەنجام دەدرێت، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ گفتوگۆیەک کە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن بێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
ئیڤی دەفرین گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ڕایگەیاند "سەبارەت بە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک، ئێمە بەپێی پلانێکی جێگیر و دیاریکراو کار دەکەین و بەردەوام دەبین".
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی ئەوان لە بەردەوامبوونی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران و لوبنان، بۆ ئەوەیە کە زیانی زیاتر بە نەیارەکانیان بگەیەنن و هەر جۆرە "هەڕەشەیەکی بوون" لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل لەناو ببەن.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە بەردەوامن، بەڵام ئیسرائیل جەخت لەسەر بەردەوامیی فشارە سەربازییەکانی دەکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.