بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی ئاداری 2026، زنجیرەیەک ڕێنمایی و بڕیاری توندی بۆ سەرجەم ئەفسەر و پێشمەرگەکان دەرکرد، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی زانیاری و رێگریکردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەک.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتدا هاتووە، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن بچنە ناو بارەگا و شوێنە سەربازییەکان، هاوکات داوا لە میدیاکان کراوە کە خۆیان بەدوور بگرن لە گرتنی وێنە و ڤیدیۆی ناوەندە سەربازییەکان. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە لێدوان و پێدانی هەر جۆرە زانیارییەک بە ڕاگەیاندنەکان لەلایەن فەرماندە، ئەفسەر و پێشمەرگەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکاندا، وەزارەتی پێشمەرگە قەدەغەی کردووە کە وێنە، ڤیدیۆ و زانیاریی تایبەت بە سەنگەر و بارەگاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بکرێنەوە. هاوکات داوا لە هاووڵاتییان و پێشمەرگەکان کراوە هەر پەیج و ئەکاونتێک بە ناوی پێشمەرگەوە زانیاریی سەربازی بڵاو بکاتەوە، لینکی پەیجەکەیان بۆ بنێرن تاوەکو ڕێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر بگرێتە بەر.
وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداریی داوە، کە هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک پێشێلی ئەم ڕێنماییانە بکات، ڕووبەڕووی توندترین سزای سەربازی و کارگێڕی دەبێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش چاودێرییەکی وردی سۆشیال میدیا و جموجۆڵەکانی ناو یەکە سەربازییەکان دەکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە ئەفسەرانی ڕاگەیاندن و هۆشیاری و بەشەکانی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکان کراوە، چاودێریی وردی تەواوی جموجۆڵەکان بکەن و کار بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم ڕێنماییانە بکەن، بە مەبەستی پاراستنی سەروەری و ئاسایشی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.