بزووتنەوەی گۆڕان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنییە ناڕەوایەی کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە سنووری شارۆچكەی خەلیفان کردە ئامانج.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە "بەهۆی ئەو هێرشەوە، بە داخەوە شەش پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش لە پارێزەرانی نیشتمان بریندار بوون". گۆڕان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری شەهیدان، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.
بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە پەیڕەوی سیاسەتی ئاشتخوازانەی کردووە و نەبووەتە بەشێک لە ململانێکان، هەربۆیە داوا لە حکوومەتی فیدراڵ و نوێنەرانی کورد لە دامەزراوە فیدراڵییەکان دەکات، بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێم و گیانی هاووڵاتییان و هێزەکان لەئەستۆ بگرن و سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانە دابنرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم پەرەسەندنانە پێویستییان بە یەکگرتوویی و یەکگوتاریی هێزە سیاسییەکان هەیە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی کوردستانی و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ و ڕەوا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.