سەرۆك بارزانی پەیامێكی لەبارەی هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر بارەگای پێشمەرگە لە چیای سپیلك بڵاو دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت " ئەو پەلامارە دوژمنكارانەیە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت".
سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەدا هەروەها رایگەیاندووە "ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، لە حاڵێكدا كە هەرێمی كوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕە".
سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەدا ئاماژەی بەوەش داوە كە "پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە".
دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی:-
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە مووشەکی ئێرانی كرایە سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم.
ئەو پەلامارە دوژمنكارانەیە و، هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بە بێ گوێدانە بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت. ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە و هیچكات هەڕەشە نەبووە بۆ سەر دراوسێکان.
پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە.
مسعود بارزانی
24ی ئاداری 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.