Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 08:23

زانیاری لەبارەی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران

کوردستان TV
100%

سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی ئەمریكی زانیاری لەبارەی دانوستانەكانی نێوان بەرپرسانی ئەمریكا و ئێرانی ئاشكرا كرد، رایگەیاند كە دانوستانەكان ناڕاستەوخۆن و بەنێوەندگیری بەشێك لە وڵاتانی ئیسلامی بەڕێوەدەچن.

ماڵپەڕی (ئەكسیوس) بڵاوی كردۆتەوە: دانوستان ماوەی دوو رۆژە لەنێوان ستیف ویتكۆف نوێنەری كۆشكی سپی و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچن.

بڵاویشی كردۆتەوە: دانوستانەكان بە نێوەندگیری هەریەك لە وڵاتانی توركیا و میسڕ و پاكستان دەستی پێ كردووە و ئەو وڵاتانە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا پەیامی ئەمریكا و ئێرانیان گواستووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە "بەرپرسانی باڵای ئەو سێ وڵاتە بەجیا گفتوگۆیان لەگەڵ ویتكۆف و عێراقچی كردووە، گفتوگۆكانیش هەنگاوی باش و بنیاتنەریان بۆ وەستانی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست بڕیوە.

ئەمە لەكاتێكدایە كە كۆشكی سپی ئەمریكا تا ئێستا هیچ زانیارییەكی لەبارەی ئەم گفتوگۆ و دانوستانە ناڕاستەوخۆیانە لەگەڵ ئێران ئاشكرا نەكردووە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەناكاو وەستانی هێرشەكانی بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی 5 رۆژ راگەیاند، ئاماژەی بەوەش دا كە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ بەپرسانی ئێران گفتوگۆی بەرهەمداریان ئەنجامداوە.

دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێكدا لە تۆری كۆمەڵایەتی (تروس سۆشیال) گوتی "خۆشحاڵم رایدەگەیەنم كە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا گفتوگۆی زۆر باش و بەرهەمدارمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەبووە بەمەبەستی چارەسەركردنی گرژییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ترەمپ لە پۆستەكەدا هەروەها نووسیویەتی "فەرمانم بە وەزارەتی جەنگ كردووە بۆ ماوەی 5 رۆژ هەموو جۆرە هێرشێكی سەربازی بۆ سەر وێستگەكانی كارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران دوابخەن".

ترەمپ لە كۆتایی پۆستەكەدا نووسیبوی "وەستانی یەكجاری شەڕ و هێرشەكان بەندە بە سەركەوتنی كۆبوونەوە و گفتوگۆكان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران".

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.