Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 00:48

دۆناڵد ترەمپ: ئێرانییەكان خۆیان پەیوەندییان كردووە و داوای گفتوگۆ و رێككەوتنیان كردووە

کوردستان TV
100%

سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە ئێرانییەكان خۆیان پەیوەندییان كردووە بۆ رێككەوتن و گوتی كە "ئەوان پەرۆشن بۆ رێككەوتن"، ئاماژەی بەوەش دا كە رەنگە لە ماوەی كەمتر لە 5 رۆژدا رێككەوتن رابگەیەنن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بەفەرمی دەستپێكردنی دانوستانەكانی لەگەڵ ئێران راگەیاند و گوتی: دوێنی ستیڤ ویتكۆف و بێرنارد كۆشنەر قسەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران كردووە، دانوستانەكان بەشێوەیەكی گشتی زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن.

گوتیشی: ئێرانییەكان خۆیان داوای گفتگۆیان كردووە، ئێستا لەگەڵ هەندێك كەس لە ناوخۆی ئێران گفتوگۆ دەكەین كە ئاقڵن و خاوەنی رێزن لە ناوخۆی وڵاتەكەدا.

ئاماژەی بەوەش دا كە "ئێران زۆر پەرۆشی ریككەوتنە و رەنگە لە ماوەی كەمتر لە 5 رۆژدا رێككەوتن رابگەیەنرێت".

گوتیشی كە ئێستا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گفتوگۆ لەسەر 15 خاڵ دەكەن، یەكێك لەو خاڵانە كۆتاییهێنانی چەكی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەیە.

دۆناڵد ترەمپ نەشی شاردەوە كە ئەو گەشبینە بە گفتوگۆ و دانوستانەكان لەگەڵ ئێران و تەنانەت گوتیشی "گرەو دەكەم كە ئەو رێككەوتنە سەردەگرێت و لە ماوەی كەمتر لە 5 رۆژدا رێككەوتن رادەگەیەنین".

سەبارەت بە رابەرە نوێیەكەی ئێران، دۆناڵد ترەمپ گوتی "بەلامەوە گرنگ نییە موجتەبا خامەنیی كێیە و ئەو ئێستا لەژیاندا ماوە یاخود نا و هیچ زانیارییەكمان لەسەری نییە، رەنگە لە داهاتوودا كەس نەخوازێت ببێتە رابەری ئێران".

ئاماژەی بەوەش دا كە دوای رێككەوتن، كەسێكی گونجاو دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی سەركردایەتی ئێران بكات.

سەبارەت بە یۆرانیۆمە پیتێنراوەكان و چەكی ئەتۆمی ئێران، سەرۆكی ئەمریكا گوتی: ئەگەر لە كاتی دیاریكراودا لە ئێرانمان نەدابووایە، ئەوا رەنگە لە ماوەی 2 هەفتەدا ببوونایە خاوەن چەكی ئەتۆمی.

گوتیشی "دەمانەوێت یۆرانیۆم و چەكی ئەتۆمی ئێران نەمێنێنت، ئەگەر بگەینە رێككەوتن، ئەوا دەچین یۆرانیۆمە پیتێنراوەكان لەو وڵاتە دەهێنین، چونكە ئێمە ئەو یۆرانیۆمەمان دەوێت".

جەختیشی كردەوە كە یەكێك لە خاڵەكانی گفتوگۆكانی ئێستا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئەوەیە كە ئەو وڵاتە هەرگیز نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.

سەبارەت بە گەرووی هورمزیش، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە دا "بەمزووانە گەرووی هورمز دەكرێتەوە، ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیكە گەرووەكە بەرێوە دەبەین، بەو هۆیەوە نرخی نەوت و سووتەمەنی لە سەرتاسەری جیهان دادەبەزێت".

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا جەختیشی كردەوە كە لە ماوەی 5 رۆژی داهاتووی گفتوگۆكاندا تەواوی هێرشەكان بۆ سەر وێستگەكانی كارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران رادەگرن. جەختیشی كردەوە كە ئەگەر رێككەوتن نەكرا ئەوا دەتوانن "بە یەك بۆمب وێستگەی كارەبای ئێران وێران بكەین كە زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری لێ خەرج كراوە".

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.