سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانی، بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دەربارەی ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گرژییەکان ڕەت کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی ئادار ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە: هیچ جۆرە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ترەمپدا نییە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پاشەکشەکەی ترەمپ لە هێرشکردنە سەر ئێران پەیوەندی بە دانوستانەوە نییە، بەڵکو ترەمپ دوای ئەوە پاشەکشەی کرد کە زانی تەواوی وێستگەکانی وزە لە ڕۆژئاوای ئاسیا ئامانجی ئێرانن.
ئەم کاردانەوەیەی ئێران دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیای ترووس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئێران لە 2 ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆیەکی قووڵ، ورد و بونیادنەرانەیان ئەنجامداوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر. ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو کە لەسەر بنەمای ئەو گفتوگۆیانە، فەرمانی بە وەزارەتی جەنگی وڵاتەکەی کردووە هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی 5 ڕۆژ دوابخەن.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.