Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 01:49

نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، بیروڕایان گۆڕییەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی ئادار، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە تۆم بێریندسن، وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداوە پێگەیشت.

سەرەتا نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە بێریندسن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ یارمه‌تی و هاوکارییە بەردەوامەکانی هۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتەکاندا، دووپات کردەوە.

هەردوولا دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، بیروڕایان گۆڕییەوە و بەتایبەتی تیشکیان خستە سەر لێکەوتە مەترسیدارەکانی شەڕ لەسەر ئارامی و سەقامگیری و دۆخى ئابوورى له‌ ناوچەکە و جیهان. لەمبارەیەوە هاوڕا بوون کە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشە و ناکۆکییەکان.

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا نیگەرانیی وڵاتەکەی و یەکێتیی ئەورووپای لە ئەگەری فراوانبوونی زیاتری شەڕ و ململانێکان و لێكه‌وته‌كانى دەربڕی، هەروەها جەختی لە پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.

كاريگه‌ريى شەڕ لەسەر هەرێمی کوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پەیوەندی و هاریکاریی هاوبەشیان لەگەڵ هۆڵەندا، تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.