وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئیدانەی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی لە سنووری چەمچەماڵ کرد و داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد سنوورێک بۆ ئەو جۆرە هێرشانە دابنێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "شەوی ڕابردوو، جارێکی دیکە تاقمە تیرۆریستییە لەیاسا دەرچووەکان دەستیان دایەوە کردەوەیەکی تێکدەرانە و لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری چەمچەماڵ."
وەزارەتی پێشمەرگە بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارەی کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە دۆخی ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزدایە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووەتەوە، بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەو "دەستدرێژییە بێپاساوانە" دابنێت کە دەکرێنە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.