ئەمڕۆ لە سنووری قەزای بەردەڕەش، ڕووداوێکی هاتوچۆ ڕوویدا و بەهۆیەوە ئاهەنگی خێزانێک گۆڕا بۆ پرسە. لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک سێ کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری (کوردستان تیڤی)، ڕووداوەکە لە نزیک بازگەی "مەندان" و لە لێواری ڕووباری خازر ڕوویداوە؛ ئۆتۆمبێلێکی جۆری (BMW) کە حەوت سەرنشینی تێدابووە، وەرگەڕاوە و کەوتووەتە نێو ئاوی ڕووبارەکەوە.
لەو بارەیەوە عەقید هۆشیار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش بە سەنگەر گۆڕان پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: تیمەکانمان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمەکان و ڕزگارکردنی بریندارەکان بوون. ئاماژەی بەوەش کرد کە سێ کەس لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش بریندارن.
سەبارەت بە ناسنامەی قوربانییەکان، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەر سێ کەسە گیانلەدەستداوەکە "ژن"ن و پێکهاتوون لە (بووک) و دوو هاوەڵی، کە لە نەتەوەی عەرەبن و دانیشتووی گوندەکانی ناوچەکەن. ڕووداوەکەش لە کاتێکدا بووە کە بۆ ئامادەکاریی ئاهەنگی گواستنەوەیان ڕوویان لە ئارایشتگە کردووە.
لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و بریندارەکانیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.