بەپێی زانیارییەکانی ڕادیۆی سوپا، بریندارەکان بەهۆی تێکچوونی باڵەخانەکان و پارچەی مووشەکەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە. ئەم ئامارە نوێیەی بریندارەکان نیشانەی ئەوەیە کە هێرشە مووشەکییەکانی تاران زیانی زۆری مرۆیی و ماددییان لە باشووری ئیسرائیل کەوتووەتەوە.
تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی ناوخۆ هێشتا لە ناوچە جیاوازەکان خەریکی بەهاناوەچوونی بریندارەکان و پشکنینی پاشماوەی وێرانکارییەکانن، هاوکات دۆخی بەشێک لە بریندارەکان بە مەترسیدار وەسف دەکرێت.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر تاران بەردەوامی هەیە و هەڕەشەکان بۆ جەنگێکی گشتگیر لە لوتکەدان. دوای ئەو هێرشانە، ئیسرائیل بەڵێنی وەڵامدانەوەی توندی داوە و ئێستا بەرەکانی شەڕ لە نێوان هەردوولادا بە تەواوەتی کراوەنەتەوە.
بەرزبوونەوەی ژمارەی بریندارەکان بۆ 150 کەس لە یەک ڕۆژدا، قورسترین گورزی مرۆییە کە بەر ئیسرائیل کەوتووە لەوەتەی دەستپێکردنی ئەم شەڕە. ئەمە نەک هەر فشارەکان لەسەر حکوومەتی زیاد دەکات بۆ وەڵامدانەوەیەکی توندتر، بەڵکو گوزارشت لەوە دەکات کە ئێران توانیویەتی قووڵایی خاکی ئیسرائیل و ناوچە هەستیارەکانی وەک دیمۆنا بکاتە ئامانج.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.